نەبەز عەبدولحەمید: پرۆسەی سەرژمێری زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت

قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، ستایشی خەڵکی هەولێر دەکات لە پابەندبوونیان بە قەدەغەی هاتوچۆ. دەشڵێت: "پرۆسەی سەرژمێری زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت."
چوارشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆسەی سەرژمێری لە شاری هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، هەروەها قەدەغەی هاتوچۆش زۆر بە باشی جێبەجێ کرا.
ناوبراو سوپاس و ستایشی خەڵکی هەولێر دەکات لە پابەندبوونیان بە قەدەغەی هاتووچۆ و دەڵێت: "قەدەغەی هاتوچۆی سەرژمێری لەگەڵ هی سەردەمی کۆرۆنا جیاوازە، تا ئێستا هیچ لێپێچینەوەیەک لەگەڵ ئەو کەسانە نەکراوە کە پابەند نەبوونە."
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، دووپاتی کردەوە، مارکێتەکان و نانەوخانەکان کراوەن، هاووڵاتییان دەتوانن بۆ کڕینی پێداوسیتییەکانیان سەردانی مارکێتەکان بکەن، هەروەها ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو هەولێر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەمە لە بەشداریی کارای هاووڵاتییان لە پرۆسەکە.
گوتیشی: تا ئێستا بە ڕێژەی 97%ـی دانیشووانی هەولێر لە پرۆسەکەدا تۆمار کراون، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.
نەبەز عەبدولحەمید، هاووڵاتییانی هەولێر دڵنیا دەکاتەوە، کە سەروماڵیان و شوێنی کەسابەتیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەپارێزرێت.