کەرتی ڕاهێنانی سەرژمێری: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ئەو چەند کاتژمێرەی ماوە هاوکاریی تیمەکان بکەن

شوان عەباس، سەرۆکی کەرتی ڕاهێنانی سەرژمێری هەرێمی کوردستان
شوان عەباس، سەرۆکی کەرتی ڕاهێنانی سەرژمێری هەرێمی کوردستان

سەرۆکی کەرتی ڕاهێنانی سەرژمێری هەرێمی کوردستان، دەڵێت: تا کاتژمێر 12ـی ئەم شەو قۆناغی دووەمی سەرژمێری بەردەوام دەبێت و داوا لە ‌هاووڵاتییان دەکەین هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێری بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، شوان عەباس، سەرۆکی کەرتی ڕاهێنانی سەرژمێری هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەنتەری خزمەتگوزاریی سەرژمێری لە خزمەت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندان و ڕۆژانە پەیوەندییەکی زۆرمان بۆ دێت و بە دەم داواکاریی هاووڵاتییانەوە دەچین بە زووترین کات.

ئاماژەی بەوە دا، قۆناغی یەکەمی سەرژمێری لە 16ـی ئەم مانگە تاوەکوو 19ـی ئەم مانگە بوو و سەردانی هەموو خێزانەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، لە قۆناغی دووەم کە 20 و 21 ئەم مانگە بوو، دووبارە سەردانی ماڵەکان کراوەتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان.

سەرۆکی کەرتی ڕاهێنانی سەرژمێری هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەوانەی بژمێرەکان سەردانیان نەکردووە با پەیوەندییمان پێوە دەکەن، ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە پەیوەندی دەکەین بە هێڵی گەرمی هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی ئامار لە پارێزگا یان ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەری ئەو ناوچەیە یان ئەو گەڕەکە بکەنەوە کە کارماندەکانی سەرژمێری کاری تێدا دەکەن تا سەردانی ئەو ماڵانە بکەن کە لەبیر کراون.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەشی زۆری ناوچەکان تۆمار کراون و تەنیا چەند شوێنێکی کەم ماوەتەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەردانیان کراوە و کاتمان لە دەست ماوە تا 12ـی شەو بۆ ئەوەی دووبارە سەردانیان بکەینەوە.

شوان عەباس، باسی لەوەش کرد، نزیکەی 16 هەزار بژمێر لە پرۆسەکەدا بەشدارن، هەروەها تیمی تەکنیکیمان هەیە بۆ چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکانی سەرژمێری.

هاوکات گوتیشی: داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین لەو چەند کاتژمێرەی ماوە ئاگادار بن کە تیمەکان سەرژمێری سەردانیان دەکەن و زانیارییەکانیان با دووبارە بۆ دووپات بکەنەوە.

سەرۆکی کەرتی ڕاهێنانی سەرژمێری هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، تا 12ـی شەو کارەکانی تۆمار کردن بەردەوام دەبن، دواتر سیستەمەکە ڕادەگیرێت دواتر بۆ بەیانی دەست دەکرێتەوە بە ڕاهێنانی ئەو بژمێرانەی کە لە مەیدانن بۆ ئەو فۆڕمەی سەرژمێری کە 77 پرسیاری تێدایە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕاشیگەیاند، لە قۆناغی سێیەمدا، دووبارە بژمێرەکان سەردانی ماڵەکان دەکەنەوە، بەڵام ئەگەر یەک کەسیش لە ماڵەوە بێت ئاساییە بەو مەرجەی زانیاری لەسەر هەموو ئەنداماکانی خێزانەکەی هەبێت، هەروەها لە قۆناغەکەدا ئەگەر هیچ کەسێک لە ماڵەوە نەبێت وەک ئەوەیە هیچ زانیارییەکی کەسەکە تۆمار نەکرابێت.

 
Fly Erbil Advertisment