سواڵکەرەکانی عێراق مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی ڕەت دەکەنەوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، سواڵکەرانی عێراق ئامادە نین، داوای چاودێریی کۆمەڵایەتی بکەن و خۆیان لە ئیمزاکردنی بەڵێننامە دەدزنەوە کە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان بۆ سواڵکردن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25-11-2024، نەجم عیقابی، گوتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی هەڵمەتەکانی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی سواڵکردن بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر ئەو کەسانە دەکات کە لە کاتی هەڵمەتەکاندا دەستگیر کراون، بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، ئەمەش دوای ئەوەی بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە کە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە سواڵکردن.
عیقابی جەختیشی لەوە کردەوە، پابەندنەبوونیان بەو بەڵێنانە بە هۆی ئامادەنەبوونیان بۆ ئەوەی بخرێنە ناو مووچە یان هەریەکێک لەو خزمەتگوزارییانەی کە وەزارەت پێشکەشی خێزانەکانیان دەکات، هەروەها پۆلیس لە ساتی دەستپێکردنی هەڵمەتەکەیان کە لە مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە بەردەوام بووە، تەنیا داتای 300 سواڵکەری ناردووە بۆ دەسەڵاتی پاراستنی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی خێزانەکانیان بخەنە نێو یارمەتییەکانی تۆڕی پاراستن.
لە کاتێکدا تەنها 300 کەس زانیارییان بۆ چاودێری نێردراوە، بەڵام خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە نێوان 500 هەزار بۆ زیاتر لە ملیۆنێک سواڵکەر لە عێراقدا هەن کە عێراقی و بیانی و عەرەبیشیان تێدایە.
لە باشترین حاڵەتدا مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ خێزانێکی 4 کەسی دەگاتە زیاتر لە 400 هەزار دینار، لەکاتێکدا هەندێک لە سواڵکەرەکان تەنها لە یەک ڕۆژدا ئەم پارەیە بەدەست دەهێنن، کەمترین داهاتی ڕۆژانەی سواڵکەریش نزیکەی 50 هەزار دیناری عێراقییە، واتە یەک ملیۆن و نیو لە مانگێکدا، ئەمەش واتە ئەوەیە ئەو پارەیەی سواڵکەرەکان بەدەستی دێنن، زیاتر لە 10 هێندەی مووچەی چاودێریە.