یونیفیل: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 45 سەربازی سوپای لوبنانی کوژراون

هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە ئیسرائیل لە کاتی شەڕی بەردەوامی دژی حزبوڵلای لوبنانی، کردوویەتیە سەر سوپای لوبنان.
هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیل) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "تا ئێستا 45 سەربازی لوبنانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی لوبنان کوژراون."
ئاماژەی بەوەش کردووە "یونیفیل زۆر نیگەرانە لەو هێرشە زۆرانەی کە کراونەتە سەر هێزەکانی لوبنان، سەرەڕای ئەوەی سوپای لوبنان بێلایەنیی خۆی لە شەڕی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل ڕاگەیاندووە."
یونیفیل ڕایگەیاند "ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتین."