پەرلەمانی ئوسترالیا پڕۆژە یاسای قەدەغەکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی پەسەند کرد

چوارشەممە، 27-11-2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوسترالیا ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد، کە منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ لە بەکارهێنانی سۆشیالمێدیا قەدەغە دەکات، پاشان ئەنجوومەنی پیرانیش ئەم یاسایەی پەسەند کرد و چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.
پارتە گەورەکانی ئوسترالیا پاڵپشتیان لە ڕەشنووسی یاساکە کردووە، هەروەها ئەو پلاتفۆرمانەی دیاری کراوە بریتین لە پلاتفۆرمەکانی "تیک تۆک، فەیسبووک، سناپچات، ڕێدیت، ئێکس، ئینستاگرام"، کە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیارن."
هەروەها لە ئەگەری سەرنەکەوتنی پرۆگرامەکە لە ڕێگریی لە هەژماری منداڵان، سزای دارایی ئەو پلاتفۆرمانە دەدرێت، بەبڕی 50 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی کە دەکاتە 33 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
102 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوسترالیا دەنگیان بە ڕەشنووسەکە دا، لە کاتێکدا 13 ئەندام دژی ڕەشنووسەکە دەنگیان دا، ئەگەر ئەم هەفتەیە ڕەشنووسەکە ببێتە یاسا، پلاتفۆرمەکان یەک ساڵیان دەبێت بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکە و سنوردارکردنی ئەو تەمەنە پێش ئەوەی سزای دارایی بدرێن.
دوو هەفتە لەمەوبەر ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "لەگەڵ هەزاران دایک و باوک، باپیر و داپیر قسەم کردووە، کە وەک من زۆر نیگەرانی سەلامەتیی منداڵەکانیانین لەسەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت."
ئاماژەی بەوەش کرد: "دەمەوێت دایک و باوک و خێزانە ئوسترالیەکان بزانن کە حکوومەت پشتی ئێوەی گرتووە."