وەزارەتی دارایی عێراق: دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین

وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق ناوەرۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، فەرمانگەی ژمێرکاری هەڵدەستێت بە خەرج کردنی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، بە هەماهەنگی کار لەسەر چارەکردنی تێبینیینەکان بکەن.

هەروەها شاندێکی تەکنیکی فەرمانگەی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەردانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە مەبەستی هاوکاری کردنیان لە ڕێکخستنەوەی بودجەی پێداچوونەوە (موازين المراجعة)ی تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەی خانەنشینان.

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیداوە، چارەکردنی ئەو تێبینیانەی ماون لەم ئەمڕۆ یەکشەممەوە، لەلایەن ئەو لیژنەیە دەست پێدەکات، بە فەرمانی دیوانی وەزارەتی دارایی پێکهاتووە و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.

ئەمڕۆ لە بەغدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، شاندەکەی هەرێم پێکهاتبوو لە ئومێد سەباح سەرۆکیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، فارس عیسا سەرۆکیی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، عەبدولحەکیم خەسرۆ بەرپرسی فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگییەکان، ڕێباز حەملان ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment