سەرما پرۆسەی خوێندن و دەوامی فەرمانگەکانی ورمێی پەکخست

بەڕێوبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2024، بەهۆی سەرماوە، لە سەرجەم قوتابخانە حکوومەتییەکان و قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت لەگەڵ فەرمانگەکان، پشووی فەرمییە. داواش لە خەڵکی دەکات، گاز و کارەبای کەمتر بەکار بێنن.
ئەمیر عەباس حەعفەری، بە مێدیای فەرمی ئێرانی گوتووە: "ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای ورمێ، تەنیا بانکەکان کراوە دەبن و کارمەندەکانیان بەشێوەی شێفت کار و چالاکییەکان ڕایی دەکەن."
هەروەها داواکارییەکی ئاراستەی دانیشتووانی سنووری ناوەندی شاری ورمێ و شارۆچکە و ئاواییەکانی دەوروبەری کردووە و دەڵێ :"هەرچەندە کەشوهەوا ساردە و پلەکانی گەرما بۆ دوو پلەی ژێر سفری سیلیزی دابەزیووە، بەڵام پێویستە گازی کەمتر بسووتێنرێت و فشارەکانی سەر بەکارهێنانی کارەباش کەم بکرێنەوە، بۆ ئەوەی کێشەی کەمی و پچڕان ڕوو نەدات."
جەعفەری، دانیشتووانی سنووری پارێزگای ورمێ ئاگادار دەکاتەوە، خۆیان لە سەفەر و گەشتی ناپێویستی نێوان شار و پارێزگاکان بەدوور بگرن بۆ ئەوەی ژیان و گیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرەی لە سنوورەکە باریوە، گرفتی هاتوچۆ لە زۆربەی ڕێگە سەرەکی و لاوەکییەکان دروست دەبێت و دادەخرێن."