هەسەدە: نێوەندگیریی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست لە منبج و کۆبانێ نەگەیشتە ئەنجام

هێزەکانی سووریای دیموکرات، شکستی ئەمەریکای لە هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە هەردوو شارەکانی منبج و کۆبانێ ڕاگەیاند.

ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمەریکا لە هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە هەردوو شارەکانی منبج و کۆبانێ شکستی هێنا.

هەسەدە دەڵێت: شکستی هەوڵەکانی ئاگربەستی هەمیشەیی، بە هۆی تورکیاوەیە کە خۆی دزیوەتەوە لە قبوڵکردنی خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتن بۆ ئاگربەستەکە.

خاڵاکانی ئاگربەستەکە بریتین لە "گواستنەوەی ئەو چەکدارانەی کە لە ئەنجوومەنی سەربازیی منبەج ماونەتەوە و ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی دەیانەوێت ڕوو لە ناوچە ئارامەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەن، هەروەها چارەکردنی ئەو کێشەیەی پەیوەستە بە گواستنەوەی ڕوفاتی سلێمان شا بۆ شوێنی پێشووی.

لای خۆیەوە، بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا، "کۆتایی هاتنی ماوەی ئاگربەستی نێوان خۆی و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەبێ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ یەکلاکردنەوە" ڕاگەیاند.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژێم لە دامودەزگە گشتییەکانی دەوڵەت، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت و کۆنترۆڵیان کرد و بەمەش کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.

 
Fly Erbil Advertisment