گەورەترین پاڵاوگەی سووریا بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران کارەکانی وەستاوە

بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی نەوتی بانیاسی سووریا ڕایگەیاند: گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی سووریا کارەکانی وەستاوە، ئەمەش بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سووریایە کە سەرچاوەیەی سەرەکی دابینکردنی نەوت بووە.
ئیبراهیم موسلیم، بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی نەوتی بانیاسی سووریا بە فاینانشیاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە، پاڵاوگەکە ڕۆژانە لە نێوان 90 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، ڕۆژی هەینی ڕابردوو دواین بڕی بەنزینی بەرهەم هێناوە. گوتیشی: سووریا چاوەڕانی هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان دەکات، بۆ ئەوەی لە سەرچاوەی دیکە نەوت هاوردە بکات.
ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سووریا کە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی نەوت بووە. وڵاتەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی بانیاسی، ئەوەشی خستنەڕوو، لە ساڵانی ڕابردوودا سووریا 90%ـی نەوتی خاوی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە و 10%ـی لە کێڵگە نەوتییەکانی سووریا دابین کردووە.
هۆشداریش دەدات، پاڵاوگەکە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر کارەکانی بوەستێنێت، چونکە دەبێتە هۆی ژەنگهەڵێنانی ئامێرەکان.
گوتیشی: پێشتر بەهۆی نەبوونی نەوتی خاو کارەکانی پاڵاوگەکە هەندێک جار وەستاوە، بە تایبەت لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020 کە پاڵاوگەکە ناچار بووە کارەکانی بۆ ماوەی دوو مانگ بوەستێنێت.