کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی شاندی ئەمەریکا لە دیمەشق هەڵوەشایەوە

ئاڵاکانی ئەمەریکا و سووریا
ئاڵاکانی ئەمەریکا و سووریا

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق ڕایگەیاند: بەهۆکاری ئەمنیی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشایەوە.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕەنا حەسەن، کارمەندی باڵیۆزخانە ئەمەریکا لە دیمەشق، ڕایگەیاند: بڕیاربوو باربارا لیف،  بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاش تەواوبوونی زنجیرە کۆبوونەوەکەی لە دیمەشق کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ساز بکات، بەڵام بەهۆکای ئەمنی کۆنفرانسەکە هەڵوەشایەوە.

هاوکات بەشێک لە رۆژنامەنووسان پرسیاری ئەوەیان ئاراستەی ڕەنا حەسەن کرد کە ئایا باربارا لیف لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەیە یان نا؟ لە وەڵامدا گوتی: نازانم.

بەڵام، بەرپرسێکی سووری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: کە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی ئەمەریکا ئەرێنی بوو.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی تەحریر شام گەیشتە دیمەشق.

شاندەکە پێکهاتووە لە؛ باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دانیال ڕۆبینستاین گەورە دیپلۆماتکاری ئەمەریکا لە وڵاتانی عەرەبی کە بەرپرسە لە دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە سووریا، لەگەڵ ڕۆجەر کارستنس بەرپرسی بارمتەکانی وڵاتەکە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment