پاپا فرانسیس: ئەوەی لەغەززە ڕوو دەدات دڕندەییە، شەڕ نییە

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان جارێکی دیکە ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە وەزیرێکی ئیسرائیلی بە ئاشکرا ئیدانەی داواکەی پاپای کرد، کە داوای لە کۆمەلگەی نێودەوڵەتی کرد لێکۆڵینەوە لە هێرشە سەربازییەکانی سەر غەززە بکات ئایا جینۆسایدی فەلەستینیەکانە یان نا؟
پاپا. لە وتاری ساڵانەی کریسمس دا بۆ کاردیناڵە کاسۆلیکییەکان، سەرەتا بە باسکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستی پێ کرد، کە تەنیا ڕۆژی هەینی لانیکەم 25 فەلەستینی لە غەززە کوژران.
پاپا لە وتارەکەدا گوتی: "ڕۆژی هەینی منداڵانی فەڵەستین بۆمباران کران، ئەمە دڕندەییە، ئەمە شەڕ نییە، ویستم ئەوە بڵێم چونکە دڵی مرۆڤ دەگرێت."
پاپا لەم دواییانەدا زیاتر ڕاشکاوانە سەبارەت بە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە قسەی کردووە، بەشێوەیەک لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەردا ڕایگەیاند "لە فەڵەستین، لووتبەرزیی داگیرکەران، بەسەر دیالۆگدا زاڵە."
لە بەشێک لە کتێبەکەشیدا کە مانگی ڕابردوو بڵاو کرایەوە، پاپا ئاماژەی بەوە کردووە ،هەندێک لە شارەزایانی نێودەوڵەتی دەڵێن: "ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات تایبەتمەندییەکانی جینۆسایدی هەیە."
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل نزیکەی 1200 کەس کوژران، دواتر ئیسرائیل بە چڕی بۆمبارانی غەززەی کرد، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 45 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 107 هەزار کەسیش بریندار بوون.