ماجد عزەددین: نرخی پرۆژەکان لەسەر بنەمای پێکهاتەی دروستکردنی دەبێت
سەرۆکی لێژنەی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، ئاماژەی بەوە دەکات، بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ پرۆژەکان دەکەن و هەروەها نرخی پرۆژەکان لەسەر بنەمای پێکهاتەی دروستکردنی دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماجد عزەددین، سەرۆکی لێژنەی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم پرۆژەکان دەکەین، هەروەها نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەیەک لە پرۆژەیەکیدی جیاوازە ئەمەش دەوەستێتەوە سەر بنەمای کوالێتییەکەی.
سەرۆکی لێژنەی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، ئاماژەی بەوە دا، "لەبارەی نرخی خزمەتگوزاری لە یەکەکانی نیشتەجێبوون ئەو زانیارییانەی کە لە مێدیایەکی ناوخۆیی بڵاو کراوەتەوە دوورن لە ڕاستییەوە و سەرجەمی ڕەت دەکەینەوە."
هاوکات دەڵێت: ئەو کەسەی لە کەناڵە نێوخۆییەکە، کە بەبێ بەڵگە قسەی کرد لەبارەی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر، لە کارەکەی دوورخرایەوە.
ماجد عزەددین، گوتیشی: نرخی هەر پرۆژەیەکیش لەسەر بنەمای پێکهاتەی دروستکردنی دەبێت، هەروەها بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ پرۆژەکان دەکەین.