هەڵاوسانی ئابووری هەڕەشە لە چارەنووسی منداڵانی تورکیا دەکات

بەگوێرەی تازەترین ڕاپۆرتەکان ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە تورکیا گەشتووتە %47، هاوکات ڕێکخراوی یونیسێف و پەیمانگەی ئاماری تورکیا هۆشداری لە خراپی دۆخی مافەکانی منداڵان دەدەن و ئاشکرایان کردووە، نزیک حەوت ملیۆن منداڵ لە تورکیا بە هەژاری دەژین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25 کانوونی یەکەم، 2024، ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا باسی کاریگەری هەڵاوسانی ئابووری دەکات لەسەر نەوەی داهاتووی تورکیا و بڵاویکردووەتەوە'' بەهۆی هەڵاوسانی ئابووری، منداڵانی تورکیا ناچارن کار بکەن تا بژێوی خێزانەکانیان پەیدا بکەن".
هەروا ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری، هەڵاوسانی ئابووری بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە مانگی تشرینی دووەمی 2024 گەیشتووەتە %47، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی خواردن و پێویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی وڵاتەکە و وایکردووە، نرخی خۆراک %5.1 زیادبکات.
هاوکات لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی ڕێکخراوی یونیسێف و پەیمانگەی ئاماری تورکیادا هاتووە، لە کۆی 22 ملیۆن و 200 هەزار منداڵ لە تورکیا، نزیکەی حەوت ملیۆن منداڵ واتە %31 لە هەژاریدا دەژین.
ئاژانسە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵاوسانی ئابووری لە تورکیا کاریگەری نەرێنی لەسەر پەروەردەی منداڵان دروست کردووە، چونکە ناتوانن بچنە بەر خوێندن و قوتابخانە، زۆربەی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان، تەنیا دەیانەوێت منداڵەکانیان زوو گەورە بن، بۆ ئەوەی کار بکەن و بتوانن لە پەیداکردنی بژێوی هاوکاری خێزانەکانیان بکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی پێشووتری ڕێکخراوی یونیسێف، لە ساڵانی 2019 بۆ 2021، لە کۆی 39 نەتەوە و ڕێکخراوی ئەورووپی، تورکیا لە ڕیزبەندی 38هەمین وڵات بووە لە ڕووی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی منداڵان لە جیهاندا.