لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە، دایکەکان کۆرپەکانیان لە باوەش گرتووە

رووفاتی منداڵێکی ساوای کورد لە سەماوە
رووفاتی منداڵێکی ساوای کورد لە سەماوە

تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق دەڵێن: دیمەنەکان ناخ هەژێنن کە دەبینین، ڕووفاتەکان کەوتوونەتە سەر یەک، دایکەکان منداڵەکانیان لە باوەش گرتووە.

تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وردەکاری نوێ و دڵتەزێن لەسەر قوربانیانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی هەفتەی ڕابردوو لە سەماوە هەڵدرایەوە ئاشکرا دەکەن، قوربانییەکان هەموویان ئافرەت و منداڵی کوردن و نزیکەی 150 ڕووفاتن، زۆرێکیان گولـلە بە کەلـلەی سەریان وەنراوە، بەڵام بەپێی نیشانەکان، منداڵەکان زیندەبەچاڵ کراون.

زیا کەریم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق دەڵێت: لەو گۆڕە بەکۆمەڵە، هەموویان پێکەوە ژێر خاک کراون، ئافرەتەکان شوێنەواری گولـلە بەسەریانەوە دیارە، بەڵام بۆ منداڵەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە ساوان، هیچ نیشانەیەکی وا بەدیار ناکەوێت، واتا هیچ گەرەنتییەک نیە گولـلەیان لێدرابێت، بۆیە پێدەچێت لە قوربانییەکان، بەتایبەت منداڵەکان، زیندە بەچاڵ کرابن.

لە ناوچەی تل شێخەی سەماوە، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ هەن، یەکەمیان ساڵی 2019 هەڵدراوەتەوە و ڕووفاتی 172 ئافرەت و منداڵی کوردی تێدا بووە کە تەنها چەند مەترێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵەوە دوورە کە ئێستا هەڵدراوەتەوە، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە نوێیەی هەڵدراوەتەوە، ڕووفاتی نزیکەی 150 ئافرەت و منداڵی کوردی تێدایە، ئەوان نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر شەهید کراون.

ئەحمەد قوسەی، سەرۆکی تیمی هەڵکەندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق گوتی: یەکێ لەو سەختیانەی لەو گۆڕستانە ڕووبەڕووی دەبینەوە، سەریەک کەوتنی ڕووفاتەکانە، بۆ نموونە، دایکەکان، کۆرپەکانیان لە باوەش گرتووە، بەڵام ئەو کێشەیە بەپێی ئەو ستاندارد و ئەزموونەی کە تیمەکە بەدەستی هێناوە، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

تا ئێستا نازاندرێت، قوربانیانی نێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە، خەڵکی کامە ناوچەی کوردستانن، بڕیارە پشکنینی (دی ئێن ئەی ) چارەنووسیان یەکلایی بکاتەوە، ئەمانیش کاروانێکن لە کاروانی شاڵاوی ئەنفال کە نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانی کوردستان لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی  بەعسی عێراقی شەهید کراون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment