نێچیرڤان بارزانی: هاوخەمی گەلی کۆریای باشوورین

دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" هاوخەمیی خۆی بۆ گەل و حکوومەتی کۆریای باشوور دەربڕی.
لە تویتەکیدا نووسیوویەتی "سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆم بۆ گەل و حکوومەتی کۆماری کۆریای باشوور دەردەبڕم بۆ کارەساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی دوێنێ یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024."
لە کۆتایی تویتەکەش دا نووسیویەتی "هەرێمی کوردستان هاوخەمی ئێوەیە."
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی کۆریای باشوور بە 181 سەرنشینەوە لە فڕۆکەخانەی موان، تێک شکا.
لای خۆیەوە لی هیون جی، بەرپرسی ئاگر کوژێنەوەی ناوخۆیی کۆریای باشوور ڕاگەیاند، لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی کۆریای باشوور، سەر بە کۆمپانیای جیجو ئایر لە شاری موان، لە کۆی 181 سەرنشین 179یان مردوون و تەنیا دوو کەسیان زیندوو ماون.