بڕیاری رێکخستنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان لە مانگی داهاتووەوە لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت
حکومەت دەستەی وەبەرهێنانی بۆ رێکخستنەوەی نرخ راسپاردووە

K24 – هەولێر
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان بڕیاری داوە نرخی خزمەتگوزارییەکان لە پرۆژەكانی وەبەرھێنان و پرۆژەكانی نیشتەجێبوون رێکبخاتەوە و دەستەی وەبەرھێنانی راسپاردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، لە مانگی داهاتووشەوە لە هەولێر بەپێی ئەو بڕیارە پارە وەردەگیرێت.
موخڵیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و کارگێڕی لە دەستەی وەبەرھێنان دەڵێت: "لە پارێزگای ھەولێر نرخەکانی خزمەتگوزارییەكان رێکخراونەتەوە و لە یەکی تەممووزەوە، بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت. پارێزگاکانی دیکەش راسپێردراون بە رێکخستەوەی نرخەکان".
دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوبەرایەتییەکانی راسپاردووە لە پارێزگاکان، لیژنەی تایبەتمەند پێکبێنن بۆ دیاریکردنی نرخەکان بە ھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان.
بەشێکی ھاووڵاتییان گلەییان لە بەرزی نرخی خزمەتگوزارییەکان هەیە لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، بەشێکی نرخەکانی هەمان جۆر خزمەتگوزاریش لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ھەولێر دەڵێت بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران گرنگە و لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانە، بۆیە لە دوای دیاریکردنی نرخەکان لە لایەن لیژنەکانی پارێزگاوە، ئەوانیش دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن و ھەرکەس و لایەنێکیش پابەند نەبێت، دەدرێتە دادگا.
بەوپێیە، نرخی ھەریەکە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، نرخی کارەبای نیشتمانی و مووەلیدە و ئاو رێکدەخرێنەوە، وەک ھەنگاوی یەکەمیش لە پارێزگای ھەولێر بڕیاردراوە نرخی کارەبای مووەلیدە بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک ٢١ سەنت بێت.
هـ.ر.