هەولێر.. ئاگر لە دوو شوێنی جیاواز کەوتەوە

نیوەڕۆی پێنجشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2025، لەشاری هەولێر ، ئاگر لە دوکانێکی جوانکاریی ئۆتومبیل کەوتەوە.
پەیامنێری کوردستان 24، ڕێناس عەلی، لەشوێنی ڕووداوەکە ڕایگەیاند "لەسەر شەقامی 100مەتری هەولێر، ئاگر لەدووکانێکی جوانکاریی ئۆتومبیل کەوتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە پەیامنێری کوردستان 24ـی گوت: "ئاگرەکە بەهۆی گڕگرتنی سۆپایەک بووە و دوکانەکە ئیسفەنج و نایلۆنی زۆری تێدا بووە، بۆیە زۆر بە خێرایی تەشەنەی سەندووە."
شاخەوان سەعید هەروا گوتی: "هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژێنەوە لەنێو دوکانەکە نەبووە و ئێستە 15 تیمی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن."
هەر ئەمڕۆ لە گەزنەی هەولێر، بەهۆی تەقینەوەی غاز، دوو دوکان سووتان و پێنج کەسیش بریندار بوون.