تەندروستیی جیهانی: هیچ زانیارییەک دەربارەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوان نییە

وێنەی نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، لە غەززە
وێنەی نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، لە غەززە

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند, هیچ زانیارییەکیان دەربارەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، دکتۆر حوسام ئەبو سەفیە، نییە کە لە 27ـی کانوونی یەکەمدا لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر کراوە.

تیدرۆس ئەدهانۆم ، سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند "دوای دەستگیرکردنی حوسام ئەبو سەفیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، هیچ زانیارییەک لەبارەی سەلامەتی و بارودۆخی تەندروستییەوە بەدەست نەگەیشتووە."

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە پۆستێکدا لە پێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی " X" نووسیویەتی: "بەردەوامین لە داواکردن لە ئیسرائیل تاکوو ئەبو سەفیە ئازاد بکات."  ڕاشیگەیاند "هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر نەخۆشخانەی 'کەمال عەدوان، و سووتاندوویانە و بە تەواوی لە خزمەتگوزاری وەستا."

ئاماژەی بەوەش کرد "دەبێت هێرشەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستیی کۆتاییان پێ بێت، هەروەها دەبێت ئاگربەست بکرێت."

شەممەی ڕابردوو،  وەزارەتی تەندروستیی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند "سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، 350 کەسی بە دکتۆر ئەبو سەفیەوە، تێدا دەستگیر کرد و ئاگری تێ بەردا و لە خزمەتگوزاری وەستاند."

حەماس، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، هێرشێکی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەست پێ کرد و زیاتر لە  1205 هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی ئیسرائیلییان کوشت و زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی دیکەشیان بریندار کرد، هەر لە هێرشەکەیاندا، 251 هاووڵاتیی ئیسرائیل و بیانیی دانیشتووی ئەو وڵاتەیان، وەکوو بارمتە دەستگیرکرد.

دوای ئەو ڕووداوە، لە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ کرد و زیاتر لە 154 هەزار کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە 11 هەزار کەسیش بێسەروشوێنن و شەڕیش تا ئێستە بەردەوامە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment