سوودانی: ئەرکی هەمووانە ڕێز لە دەستوور بگرن

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: عێراقیان لە پشتێنەی ئاگر دوور خستووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی هێزەکانیان ئامادەییان هەیە وەڵامی هەر هێرشێک بدەنەوە لەهەر لایەنەکەوە بێت.
لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025 ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: هێزەکانی عێراق ئامادەن وەڵامی هەر هێرشێک بدەنەوە لەهەر لایەنێکەوە بێت، دەشڵێت: ئەرکی هەمووانە پارێزگاری لە سیستەمی دیموکراسی بکەن و ڕێز لە دەستوور بگرن.
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، کاریان بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری عێراق و کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان کردووە کە لە ڕۆژانی شەڕی دژ بە داعش هاوکاریی عێراقیان کردووە، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، شێوازیی پەیوەندییە دوو لایەنەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەزۆر بواردا گۆڕیووە، تەنها لە بابەتی ئەمنی قەتیسیان نەکردووە، دەشڵێت: بەرژەوەندییەکانی عێراقمان لەسەرووی گفتوگۆکانماندا داناوە لە لەگەڵ ئەو وڵاتانە.
محەممەد شیاع سوودانی دووپاتی لەوە کردەوە، ئەرکی هەمووانە پارێزگاری لە سیستەمی دیموکراسی بکەن و ڕێز لە دەستوور بگرن، گوتی: حکوومەت توانی عێراق لە پشتێنەی ئاگر دوور بخاتەوە کە ئەگەری هەبوو دوای غەززە و لوبنان فراوانتر بێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر ئەوەی، گۆڕانکارییەکانی سووریا کاریگەریی بۆ ئێستا و داهاتووی ناوچەکە هەیە، گوتی: ئەوە پێویستی بە پشتیوانی هەیە بۆ دابین کردنی ئارامی، دەڵێت: پشتیوانی لەهێنانە کایەی حکوومەتێکی فرەیی لە سووریای نوێدا دەکەین ڕێز لە تەواوی پێکهاتەکان بگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت هیچ لایەنێک دەست لە کاروباری سووریا وەربدات.