پۆلیسی هەولێر کەسێکی بەتۆمەتی خەڵەتاندنی خەڵکی دەستگیر کرد

تۆمەتباری دەستگیر کراو
تۆمەتباری دەستگیر کراو

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، کەسێکی عەرەبیان دەستگیر کردووە کە بە گرووپ کاری کردووە، بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی و گوایە ڤیزای ئەمەریکایان بۆ وەردەگرێت، بەرامبەر ئەوەش پارەی زۆری لەو خەڵکە وەرگرتووە کە خواستیان بووە بگەنە ئەمەریکا.

دووشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: تۆمەتبارێکی بەڕەچەڵەک عەرەبی بەناوی (س. م. ف) دەستگیر کرد، چونکە تۆمەتبارە بەوەی بە شێوەی گرووپ کاری کردووە بۆ خەڵەتاندن و فێڵکردن لە خەڵک و وەرگرتنی پارە لێیان بە بیانووی ئەوەی گوایە ڤیزایان بۆ وەردەگرێت و دەیانبات بۆ ئەمەریکا.

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەو تۆمەتبارە خۆی وا نیشانداوە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا و چەند بەرپرسێکی عێراقی هەیە، پۆلیس دەڵێت:  دوای تۆمارکردنی سکاڵا، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر زانیارییان بەدەستهێنا و دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ کرد، لە ئەنجامدا توانرا تۆمەتباری ناوبراو لە کاتی وەرگرتنی پارە لە یەکێک لە دادخوازەکان، دەستگیر بکەن،  لە لێکۆڵینەوەکانی بەرایشدا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بۆیە بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (456) لە یاسای سزادان، ڕەوانەی دادگا کرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاگاداری ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە فێڵیان لێ کراوە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن و بە خستنەڕووی بەڵگەکانیان، سکاڵا تۆمار بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment