کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکەی خێراتر لە دەنگی تاقیکردەوە

ئاژانسی میدیایی حکوومەتی کۆریای باکوور، ئەمڕۆ 7ی کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاند:" بە سەرپەرشتی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، مووشەکێکی مامناوەند بڕی خێراتر لە دەنگ بە سەرکەوتوویی تاقی کردەوە.

ئاژانسەکە زانیاری زیاتری لەبارەی مووشەکە خستووتە ڕوو و بڵاویکردووەتەوە، مووشەکە لە پیۆنگ یانگ بە ئاراستەی دوورگەی ڕۆژهەڵات هەڵدراوە، کە 12 هێندەی خێرایی دەنگ خێراترە و لە کاتژمێرێکدا دووری هەزار و 500 کیلۆمەتەر دەبڕێت.

هەروەها ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە، کیم جۆنگ ئون بەڵێنی داوا پەرەی زیاتر بە توانای سەربازییەکانی وڵاتەکەی بدات لە بواری مووشەکی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی.

لەم دوو ڕۆژەدا، ئەمە دووەم مووشەکە کۆریای باکوور تاقیدەکاتەوە، ئەو مووشەکەی دوێنی تاقیکردەوە، بە ئاراستەی دەریایی ڕۆژهەڵات هەڵیدا کە بە دەریای ژاپۆن ناسراوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کۆریای باشوور.

 
Fly Erbil Advertisment