دهۆک.. شوێنەوارێکی شارستانیی هەشت هەزار ساڵی دۆزراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوری دهۆک دوو ناوچەی شوێنەواری دۆزیوەتەوە، کە مێژووییان بۆ حەوت تا هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری دهۆک، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "لە دەشتی ناڤکوڕ، بە دووری چەند کیلۆمەترێک لەشارۆچکەی ڕووڤیای پارێزگای دهۆک، لە دوو ناوچەی شوێنەواری، گرێ ئاسنگەران و کانیی ئەسپەهان، جۆرێک گۆزە دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە و شوێنێکی نیشتەجێبوونيش کە مێژووەکەی بۆ حەوت هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، دۆزراوەتەوە.
بێکەس بریفکانی گوتیشی: "لە کانیی ئەسپەهان، جۆرە گۆزەیەک دۆزراوەتەوە، بۆ هەڵگرتنی گەنم بەکار هێنراون، دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤیش دۆزراونەتەوە، کە شێوەیان لاکێشەییە و لە کەرپوچ دروستکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک، بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، کنە و پشکنینی شوینەوارە مێژوویەکانی پارێزگای دهۆک دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستێکی پێنج ساڵییان لەگەڵ زانکۆکە مۆر کردووە.
