نەتەوە یەکگرتووەکان هەزار و 300 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە ئامادە کردووە

ڕۆسالیا بۆلین، گوتەبێژی سەندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان ناسراو بە یونسێف ڕایگەیاند: 1300 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆییان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی دوای دەستپێکردنی ئاگربەست ڕاستەوخۆ بچنە نێو کەرتی غەززەوە و دابەشی بکەن.
گوتەبێژی یونسێف ئاماژەی بەوە داوە، دوای گەیاندنی ئەو هاوکارییە، 700 بارهەڵگریی دیکەی هاوکاریی ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە کەرتی غەززە، بڕیارە ئاگربەستی غەززە سبەی کاتژمێر هەشت و 30ـی خوولەکی بەیانی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە هەموو ئامادەکارییان کردووە هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە خەڵکی لێقەوماو ئاوارەی غەززە دوای 15 مانگ لە شەڕ و پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە و ئاوارەبوون.
لە قۆناغی یەکەمیشدا بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل، 33 بارمتەی ئیسرائیلی دەستی حەماس ئازاد دەکرێن، بەرانبەر ئازادکردنی 737 فەڵەستینی لەدەستی ئیسرائیل.
بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ناوەندی ئاماری فەڵەستین، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە 47559 کوژراون، هاوکات 116 هەزار و 965 هاووڵاتی دیکەی کەرتی غەززە برینداربوون، لەگەڵ ئەوەشدا دوو ملیۆن هاووڵاتی کەرتی غەززە ئاوارە بوون، 18 هەزار و 700 هاووڵاتی دیکەش لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر کراون، بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل 170 هەزار و 812 باڵەخانە خاپوور و وێران بوون، لە سبەیەوە هیچ هێرشێکی ئاسمانی ناکرێتە سەر کەرتی غەززە و سووپای ئیسرائیل پێویستە هێواش هێواش لە کەرتەکە بکشێنەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: دەبێت ئاگربەستێکی درێژخایەن لە لوبنان هەبێت، بارودۆخێکی ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی خێرا بەرەو پێشەوە دەچێت بە ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.