شارەزایان هۆشداریی لە پرۆسەکانی سپیکردنەوەی پارە لە عێراق دەدەن

بانکی ناوەندیی عێراق لە هەفتەی رابردوودا بڕێکی زۆری دۆلاری بە هەردوو شێوەی کاش و حەواڵە خستەڕوو، ئەو خستنەڕووە گەورەیەش گوومان و ترسی لەلایە هەندێک لە شارەزایان دروستکردووە و ئاماژە بەوە دەکەن پێدەچیت پڕۆسەکانی سپیکردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی دۆلار هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەست یپێکردبێتەوە کە بووە هۆی سزادانی بانکە عێراقییەکان.
بانکی ناوەندیی عێراق لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بڕی ملیارێک و 471 ملیۆن دۆلاری بە هەردوو شێوەی کاش و حەواڵە خستەڕوو، بەو پێیەش تێکڕای خستنەڕووی ڕۆژانە لە هەفتەکەدا گەیشتە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار.
زیاد هاشمی، پسپۆری دارایی و شارەزای ئابووری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، گەڕانەوەی بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی ڕۆژانە 300 ملیۆن دۆلار بخاتەڕوو، گوومانی گەورە دروست دەکات کە دووبارە پرۆسەکانی سپیکردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی دۆلار سەری هەڵدابێتەوە.
بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئاماژەیە بۆ بەهەدەردان و سپیکردنەوەی پارە و دوور نییە سەر بکێشێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمەریکا سزا بەسەر بانکە عێراقییەکاندا بسەپێنێت.