'سی ئای ئەی' زانیاری نوێ لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

'سی ئای ئەی' دوای ساڵانێک لە بێ دەنگی، دواجار هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا کرد و پێی وایە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەی ڤایرۆسی وهان دزەی کردووە و بڵاوبووەتەوە ،دواتر بووە بە پەتایەکی جیهانی.
یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، دەزەگای هەواڵگریی ئەمەریکا 'سی ئای ئەی' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە 2019 لە وهانی چین بڵاوبووەوە و ملیۆنەها کەسی لە سەرانسەری جیهان کوشت، لە تاقیگەی ڤایرۆسی وهانی چین دزەی کردوو و بڵاوبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سی ئای ئەی ساڵانێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، زانیاری تەواویان لەبەردەستدا نییە کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەکی ڤایرۆسی لە وهان دزەی کردبێت، یان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گواسترابێتەوە.
ئەمەش هەمان هەڵوێستی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی 'FBI'ـیە کە دەڵێت: ڤایرۆسەکە لە تاقیگەی وهانەوە دزەی کردووە بۆ ناو خەڵک، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە میلۆنێک ئەمەریکی و زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسی دیکەش لە سەرانسەری جیهان.
'FBI' لە شوباتی 2023 ڕایگەیاند، ئەگەری زۆرە ڤایرۆسەکە دوای دزەکردنی لە تاقیگە بڵاوبووبێتەوە، لە کاتێکدا دەزگاکانی دیکە مەزەندەیان کردووە کە بەرکەوتنی مرۆڤ بە ئاژەڵێکی تووشبوو بە ئەگەرێکی زۆرەوە سیناریۆیە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە 'ئێن بی سی نیوز'ـی ڕاگەیاندووە، هەڵسەنگاندنی سی ئای ئەی لەسەر بنەمای هەواڵگری نوێ نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای پێداچوونەوەی شرۆڤەکاران بووە.
ئەم پێداچوونەوەیە لە هەفتەکانی کۆتایی ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا دەرچووە و پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ تەواو بووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ویلیام بێرنیز، بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی بە شرۆڤەکارانی ڕاگەیاندووە، لەبری ئەوەی بێلایەن بن لەسەر تیۆرییە جیاوازەکان سەبارەت بە سەرچاوەی کۆڤید 19، پێویستە هەڵوێستیان هەبێت.
لە چەند ڕۆژی رابردوودا ترەمپ کشانەوەی خۆی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند و لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بە شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانی پەتای کۆرۆنا و لایەنگری چینی کردبوو.