فەوزی هەریری: لێکتێگەیشتنی باش بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم هەیە

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژه بهوه دهكات، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەمیشە کێشەدار بووە؛ دهشڵێت، لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
دووشهممه، 27ـی كانوونی دووهمی 2025، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەمیشە کێشەدار بووە، بەڵام محهممهد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات و سەرەڕای ئەوەش فشارێکی زۆری لەسەر هەیە و هەندێک جار قسەکانی خۆی ناگەیەنێتەجێ.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، حکوومەتی عێراق پارەیەکی زۆر بۆ پرۆژەی جیاواز خەرج دەکات، بەڵام ئامادە نییە بەشی کوردستان بدات.
فەوزی هەریری لهبارهی پێكهێنانی كابینهی دهیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان جهختی كردهوه، لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. گوتیشی: لهوانهیە بەر لە جەژنی نەورۆز کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت.
ڕوونیشی كردهوه، بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان گەشبینە، هەرچەندە پێشتر دەگوترا کابینەی نوێ تا هەڵبژاردنی عێراق هەڵدەگیرێت، بەڵام ئێستا کەشێکی ئەرینی لە ئارادایە و لایەنەکان سوورن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومهتی ههرێمی كوردستان.