کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان داوا لە پەرلەمانتارانی عێراق دەکەن بەهانایانەوە بچن

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی داوا دەکات ڕێگری لە هێنان و بردنی مریشکی زیندوو لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر نەکرێت.
سێشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2025، نازم عەبدوڵڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی، داوا دەکات وەزارەتی کشتوکاڵ بە خێرایی هەنگاو بنێت بۆ چارەکردنی کێشەکەیان، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە ڕێگریی لە هێنان و بردنی مریشکی زیندوو لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمهێنەران و بازاڕەکانی ناوچەکە.
نازم عەبدوڵڵا جاف، داواشی لە پەرلەمانتارانی عێراق کردووە، بەدەم چارەکردنی کێشەکانییانەوە بچن، چونکە حکوومەتی فیدراڵی ڕێگریی لە گواستنەوەی مریشکی زیندوو دەکات بۆ خواروی عێراق، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستانیش ڕێگریی لە گواستنەوەی مریشکی زیندوو لە نێوان هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەکات.
نازم جاف، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هەزارەها هەلی کاریان ڕەخساندووە و ئەم ڕێگرییانە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنەران و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووریی ناوچەکە دەبێت، ئەم ڕێگرییانە نەک تەنها بەرهەمهێنانی مریشکی زیندوو پەک دەخات، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەزارەها هەلی کاری و دروستبوونی بێکارییەکی زۆر.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕێگریی لە هێنان و بردنی مریشکی زیندوولە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر دەکرێت.
دووشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتیی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزیری تەندروستی و نوێنەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران و پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ، کۆبونەوەیەکی هاوبەش کرا، بۆ تاوتوێ کردن و رووبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا هاوبەشن، لەگەڵ چۆنیەتی دانانی ڕێکار و پلانی زانستی بە مەبەستی خۆپاراستن.
هەروەها دوێنێ دووشەممە 27ـی کانوونی دووەم، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق هاوردەی هەموو پەلەوەر و بەرهەمەکانی پەلەوەری هەرێمی کوردستانی بۆ پارێزگاکانی خوارووی عێراق قەدەغە کرد، ئەوەش بۆ ڕێگریی لە گوێزرانەوەی نەخۆشیی پەلەوەر بۆ مرۆڤ.