هێمن میرانی: دەرهێنانی ساڵیانەی ئۆتۆمبیل بەدیجیتاڵی دەکرێت

چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سیستەمێکی نوێ بۆ ساڵیانەی ئۆتۆمبیلەکان جێبەجێ دەکرێت، کە پارێزگاریی زیاتر بۆ مافی خاوەنەکانیان دابین دەکات.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەم سیستەمە دیجیتاڵییە نوێیە بۆ ساڵیانەی ئۆتۆمبیلەکان، سەرەتا لە پارێزگای دهۆک، دواتر لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و پاشان لە ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ دەکرێت،."
ڕوونیشی کردەوە "لە تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییە نوێیە ئەوەیە کە "ساڵیانە"کە بەهیچ شێوەیەک ساختە ناکرێت، چونکە ساڵیانە گرنگترە لە مۆڵەتی شۆفێری، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی بە خاوەندارێتییەوە هەیە، چونکە ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلە نەپارێزرێت کە هاووڵاتی بە ڕەنجی چەند ساڵەی دەیکڕێت، بۆیە ئەگەر بەباشی ئەو ئۆتۆمبێلە نەپارێزرێت، ئەوە ڕەنگە خاوەنەکەی بەئاسانی فێلی لێ بکرێت."
ئاماژەی بەوەش دا "ئەم سیستەمە نوێیە پەیوەستە بە وێنەگرتنی پەنجەمۆری دەست و چاوی خاوەنی ساڵیانەکە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لەهەرێمی کوردستان لەڕێگەی ئەپلیکەیشنەکانەوە زانیاری بۆ بەدەستهێنانی ساڵیانەکە بڵاو دەکەنەوە و هاووڵاتیان دەتوانن بەشێک لەهەنگاوەکانی وەرگرتنی ساڵیانەی ئۆتۆمبیل لە ماڵەوە تەواو بکەن، ئەمەش بەفیڕۆدانی کات کەم دەکاتەوە."