نۆ وڵات گرووپی لاهای بۆ پشتیوانیی لە فەڵەستین ڕادەگەیەنن

وەزارەتی دەرەوەی بۆلیڤیا ڕایگەیاند، نۆ ولات گرووپی لاهایان بۆ پشتیوانی له فەڵەستین و مافی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە پێک هێناوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "نوێنەری حکوومەتەکانی بۆلیڤیا، بیلیز، کوبا، کۆڵۆمبیا، هندۆراس، مالیزیا، نامیبیا، سەنیگال و باشووری ئەفریقا لە لاهای کۆبوونەوە بۆ دامەزراندنی 'گرووپی لاهای' و لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش دا، پابەندبوونی خۆیان بە یاسا و دادپەروەریی نێودەوڵەتی دووپات کردەوە، هەروەها بۆ هەماهەنگی ڕێوشوێنە یاساییە هاوبەشەکانیش."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم وڵاتانە پشتیوانیی لە داواکارییەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەکەن و ئەرکەکانیان بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما جێبەجێ دەکەن، سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکردن کە لە 21ـی تشرینی دووەمی 2024 لە دژی کەسانی بەرپرسیار لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کراون.
وەزارەتی دەرەوەی بۆلیڤیا ڕاشیگەیاند، گرووپی لاهای بڕیاری دا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەرتر بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی ڕێگرن لە بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی فەڵەستین، لەوانەش مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین.
هەروەها گرووپی لاهای داوای لە وڵاتانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەشداریی ئەم دەستپێشخەرییە بکەن.