دەستەی مافی مرۆڤ هەواڵی دەستگیرکردنی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی هەولێر ڕەت دەکاتەوە

لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەبارەی دەنگۆی دەستگیرکردنی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی شاری هەولێر، ڕایگەیاند: سەردانی ئاسایشیان کرد و بەڕێوەبەری ئاسایش ڕەتی کردەوە ئەو نوێنەرە دەستگیر کرابێت.

یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی لە بەشێک لە مێدیاکان بڵاوکرایەوە کە گوایە نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بەناوی (عەلی ڕەئوف) لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کراوە بەهۆی ئەوەی ویستویانە خۆپیشاندان بکەن، بۆ ئەم مەبەستە شاندێکی باڵای دەستەکە سەردانی ئاسایشی هەولێریان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر کۆبوونەوە.

دەستەی مافی مرۆڤ، دەڵێت: دوای بە دواداچوونی هەواڵەکە، بەڕێوەبەری ئاسایش ڕەتی کردەوە کە هیچ کەسێک دەستگیر کرابێت بەو ناوە لەسەر بابەتی خۆپیشاندان و تەنانەت ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندیان لەگەڵ ئەو نوێنەرە و مامۆستایان هەیە و هیچ شتێکی وا ڕووی نەداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تیمی دەستەکە لەگەڵ نوێنەری مامۆستایان قسەیان کرد و کۆبوونەوە دەربارەی هەواڵەکە پرسیاریان لێ کردن ئەوانیش ڕەتیان کردەوە کە دەستگیرکرابن و ئاماژەیان بەوە کردووە کە هیچ ڕێگریەک نەبووە و مامەڵەی گونجاویان لەگەڵدا کراوە.

دەستەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە خۆشحاڵە  کە بەدواداچوون بۆ ڕاستی ڕووداوەکان دەکات و بەهیچ جۆرێک سڵ ناکاتەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتییان بە گشتی لە هەر کوێ بن و لە کوێ پێویست بێ.

هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، گرنگە دەزگا میدیاییەکان ووردتر بن لە گواستنەوەی هەواڵ و بە دواداچوون و پیشەییانەو  بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و گواستنەوەی هەواڵ بکەن .

 
Fly Erbil Advertisment