وادەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ئاشکرا دەکرێت

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا (GUR) پێیوایە پێش تەواوبوونی ساڵی 2025، ئاگربەست لەنیوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕادەگەینرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی شوباتی 2025، کیریلۆ بودانۆڤ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا (GUR) لە چاوپێکەوتنیکدا ڕایگەیاند، ئاگربەستی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لەم ساڵدا ڕوودەدات، چونکە هەموو زەمینەسازییەک بۆ پرۆسەی ئاشتی کراوە.
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا بە گومانەوە لە ئاگربەستەکە دەروانێت و دەڵێت: ئاگربەستەکە چۆن دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و چەند دەخایەنێت، ئەمانە چەند پرسیارێکی جیددین کە دەبێت وەڵام بدرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیا بیرۆکە ئاگربەستی جەنگ ڕەت دەکەنەوە، چونکە پێیان وایە ئەو ئاگربەستە کات بە ڕووسیا دەدات خۆی ڕێکبخاتەوە.
ئەمە لەکاتێکداییە، هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەسەر سازدانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن و تەوەری سەرەکیش ڕاگەیاندنی ئاگربەستە لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.