مەسرور بارزانی و شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی پێشخستنی ئابووری تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان کرد لە پێناو برەودان بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی.
پێنجشەممە 20ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولادا کرا، لە پێناو برەودان بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی و سوودوەرگرتن لە ڕێنماییەکانی دامەزراوەکە لە بواری پێشخستنی گەشەپێدانی ئابووری، بە تایبەتی لە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیدا.
شاندەکە ستایشی بەرنامەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بە تایبەت لە بواری هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بانکی و وزە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە کرا کە لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە.
سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کرد بۆ پشتیوانیی و هاریکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
