نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان: لە کوردستان دەتوانین بە زمانی دایکمان بخوێنین

ئەمڕۆ 25 ساڵ بە سەر دەستنیشانکردنی ئەو رۆژە تێدەپەرێت کە یونیسکۆ ناوی لێناوە رۆژی جیهانی زمانی دایک.
زمانی دایک، یان باشترە بڵێین زمانی زگماکی، ئەو زمانەیە کە ناسنامەی کەسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری تاکە، لە هەرێمی کوردستان جیا لە زمانی کوردی کە زمانێکی فەرمیە، زمانی دایکی زۆرینەشە، بەڵام کەمینە و نەتەوەکانی دیکەش بە زمانی خۆیان دەخوێنن، وەک خۆیان باسیدەکەن، ئەو مافەیان تەواو پێدراوە.
وەک ناوەندەکانی دیکەی خوێندنی کوردستان، بەگوێرەی پلان و ئەو سیستمەی وەزارەتی پەروەردە دایناوە ،قوتابیان بەزمانی خۆیان دەخوێنن و مافەكانیان دەستەبەر کراوە، خۆشحاڵن كە بەزمانی دایك دەخوێنن.
لارین محەمەدی قوتابی لە قوتابخانەی سەلجوقی تورکمانی گوتی: لە پۆلی یەکەمەوە لێرەم، خوشک و براکانیشم لێرە خوێندوویانە، هەر لەسەر زمانی خۆم دەمێنمەوە کە زمانی تورکمانییە، دایک و باوکمان پێشتر ناچاربوون بە زمانی عەرەبی بخوێنن، بەڵام ئێستا ئێمە زۆر بە بەختین کە دەتوانین بە زمانی خۆمان بخوێنین.
قوتابی عەبدولقادر ئەحمەدیش دەڵێت: دەتوانین بە زمانی خۆمان بخوێنین، بەڵام پیشووتر دایک و باوکمان بە ناچاری بێبەش کراون لەو مافە، ئێستا لە کوردستان زۆر ئاسانکاری کراوە بۆ ئەوەی بتوانین بە زمانی خۆمان بخوێنین.
31 ساڵە لە هەولێر ئەم ناوەندانە تایبەت کراون و هاوڵاتیانی تورکمان و تەنانەت پێكھاتەكان بە زمانی خۆیان دەخوێنن، وەك بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەڵێت: ئەو ئازادییە بە پێكھاتەكان دراوە بۆ پاراستنی کولتوری نەتەوەییان و لە سەرووی ئە وانەش زمانی زگماکی.
سۆزان سلێمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەلجوق بە کوردستان24ـی گوت: زۆر گرنگە بە زمانی خۆمان دەخوێنین، داهاتووێکی باش دروستدەکەین، وەکو تورکمانێکی ڕەسەنی هەولێر، زۆر لەو سیستمە ڕازیم کە بە زمانی خۆمان دەتوانین بخوێنین، مافی خۆمان وەرگرتووە، پێشتر خۆم نەمتوانیووە بە زمانی تورکمانی بخوێنم، یا عەرەبی بوو، یاخوود کوردی، بەڵام لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەک لە مافە گرنگەکانمان پێدرا لە ساڵی 1994 بۆ ئەوەی بتوانین بە زمانی خۆمان، بە تورکمانی بخوێنین
لە ڕێگەی زمانەوە ، شوناس و کولتوری نەتەوەیەک دیاریدەکرێت و 25 ساڵ پێش و لە ساڵی 1999 یونسکۆ بۆ گرنگیدان و ڕێزگرتن لە زمانی سەرجەم نەتەوەکانی دونیا، ڕۆژی 21ـی شوباتی بە رۆژی زمانی دایک دەستنیشانکرد.