ئەم بارانە سوودی بۆ بەرهەمە کشتووکاڵییەکان هەیە؟

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند: ئەم شەپۆلەی بارانبارین، سوودێکی زۆری بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە، لە 24کاتژمێری ڕابردووش 268،5ملم باران باریوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر.
هەینی، 21ـی شوباتی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بارانبارینی ئەم مانگە و بەتایبەتی ئەم شەپۆلەی ئێستا، سوودی زۆری بۆ سەرجەم بەرهەمە کشتووکاڵییەکان دەبێت، بەتایبەتی دانەوێڵە، پێشبینی دەکەین ئەو بڕە پێویستەی لە دەستپێکی وەرزی ئەمساڵ، نەباری، لە مانگی شوبات و ئادار ببارێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، گوتیشی: بەشی زۆری جووتیاران بۆ دانەوێڵەکانیان پشت بە ئاوی باران دەبەستن، هەر بۆیە ئەم بارانەی ئێستا سوودێکی زۆری دەبێت بۆ بەرهەمە کشتووکاڵییەکان.
هەینی، 21ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر، بڵاویکردووەتەوە، لە 24کاتژمێری ڕابردوو، 268،5،ملم باران باریوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر.
لەلای خۆیەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ، عەلی گەردی، جووتیارێکی دەڤەری بەڕانەتی سنووری پارێزگای هەولێرە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: بارانی ئەم مانگە هیوایەکی زۆری بۆ جووتیاران گەڕاندەوە، ئەگەر بەردەوامی هەبێت، سوودی نەک تەنیا بۆ گەنم، بەڵکوو بۆ ئاوی ژێرزەوی و سەرجەم بهرههمه کشتوکاڵییەکان دەبێت.