وادەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەسعەد شەیبانی بۆ عێراق دیاریی نەکراوە

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا

وەزارەتی دەرەوەی سووریا، دەڵێت: سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بۆ عێراق هێشتا دیاریی نەکراوە و دواتر دیاریی دەکرێت.

هەینی 21ـی شوباتی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، بە ئاژانسی هەواڵی سانای ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، بانگهێشتی فەرمیی پێگەیشت بۆ ئەوەی سەردانی عێراقی دراوسێ بکات، بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی هاوبەش تایبەت بە هەردوو وڵات و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەڵام وادەی سەردانەکە دیاریی نەکراوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە دەڵێت: دوای گفتوگۆ و ڕاوێژکردن، وادەی سەردانەکە دواتر دیاریی دەکرێت.

 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، بە ئەگەرێکی زۆر سەردانەکە بەهۆی فشاری گرووپەچەکدارەکان بۆ سەر حکوومەت ئەنجام نادرێت.

پێشتریش ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردبووەوە، کە ئەسعەد شەیبانی، ڕۆژی شەممە 22ـی شوبات سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات.

هەروەها شەیبانی چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، ئاشکرای کردبوو، کە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانی عێراق پێگەیشتووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment