قالیباف بۆ عەون: حزبوڵلا بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانیی لوبنان

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پشتیوانیی خۆی بۆ کۆدەنگیی ئەم دواییەی لوبنان ڕاگەیاند.
دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، محەممەد باقر قالیباف، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ نەبیە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، پشتیوانیی ئێرانی بۆ لوبنان دووپات کردەوە و گوتی: ئێمە لە ئێران پشتیوانی و پشتگیریی خۆمان بۆ ئەو کۆدەنگییە ڕادەگەیەنین کە لە لوبنان هەیە.
قالیباف گوتیشی، لە دیدارەکەمدا لەگەڵ سەرۆک جۆزێف عەون، باسم لەوە کردووە، ئێمە حزبوڵلا بە بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانیی لوبنان دەزانین.
سەبارەت بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران لەلایەن لوبنانەوە، باسی لەوەکرد "بڕیاری حکوومەتی لوبنان بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و بەیروت لەژێر کاریگەری ئەمەریکادایە و ئەم پرسە دەبێت چارە بکرێت." جەختیشی کردەوە "واشنتن پلانی بۆ ئێمە، بۆ سووریا و بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و 'قەوارەی زایۆنیش' تاوانەکانی ڕانەگرتووە و هێشتا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی سووریا."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕاشیگەیاند، ئەمەریکا و ئیسرائیل کار بۆ بڵاو کردنەوەی دۆخی ناسەقامگیریی و هاوکاریی گرووپی توندڕەو لە سووریا و لوبنان دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد "مقاوەمە بۆ ئاسایشی لوبنانە و ئەم ڕێکخراوەش سەلماندی کار بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی دەکات، ئەمەش لە شەڕی دژی داعش و ئیسرائیل سەلمێنراوە."
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، سەردانی بەیروتی کرد تاوەکوو بەشداریی لە بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵلا و هاشم سەفیەددین بکات.