سیپان شێروانی: بودجەی 2025 پشت بە سەرژمێری دەبەستێت

بە نووسراوی فەرمی داوای زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا کرا.

سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بڵاوی کردەوە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، ژمارە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە عێراقدا بە دیار كەوت، کە ڕێژەکە نزیکەی 15%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پێک دەهێنێت.

باسی لەوە کرد، عێراق لە یاسای بودجەدا پشكی هەرێمی کوردستانی  بە 12.67% دیاریی کردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانین داوای زیادکردنی ئەو ڕێژەیە بکەین.

سیپان شێروانی، گوتی: نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق کرد و داوامان كردووە پشكی هەرێم لە خشتەكانی بودجە بۆ ساڵی 2025، پشت بە ئەنجامی سەرژمێری گشتی ببەستێت، ئەمەش پاڵپشت بە بڕگەی سێیەمی ماددەی 121ـە لە دەستووری عێراق.

ڕۆژی دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ڕاگەیاند کە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو.

بە گوێرەی ئەنجامەکان، کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان، 46 ملیۆن و 118 هەزار کەسە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment