لیستی مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی بەغدا کرا

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا کرا.
چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لیستی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغدا کرا.
ڕوونیشی کردەوە، ڕەوانەکردنی لیستی مووچە بەمەبەستی ڕادەستکردنیەتی بە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لیستی مووچەی مانگی شوبات، بە دوو لیست کە یەکێکیان تایبەتە بە خانەنشینان و ئەوەی تریان تایبەتە بە فەرمانبەران و پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان، ڕەوانەی بەغدا کراوە، کە دەبێت تاوەکوو سبەینێ کاتژمێر 8:00ـی بەیانی هەردوو لیستەکە بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.