ڤینیسیۆس بە خەیاڵیش بیری لەوە نەکردووەتەوە ببێت بە کاپتنی ریاڵ مەدرید

ڤینیسیۆس شارەی کاپتنی بەستووە
ڤینیسیۆس شارەی کاپتنی بەستووە

ڤینیسیۆسی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید بۆیەکەمجار لە ژیانی وەرزشی خۆی لە یاریی بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد لە جامی شای ئیسپانیا بوو بە کاپتنی یانەکەی.

لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ریاڵ مەدرید بووە میوانی ریاڵ سۆسیداد، لەو یارییە ڤینی سەرکردایەتی یانە شاهانەکەی دەکرد و بە گۆڵێکی ئێندریك یارییەکەیان بردەوە.

دوای یارییەکە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرمی یانەکەی ڤینیسیۆس گوتی: هەموو ساتێكی یارییکردن لە ریاڵ مەدرید زۆر نایابە، بەتایبەتی لە یارییەکی گەورە و هەستیار کاپتنی یانەکە بووم، ئەمە شتێکی تایبەتە بۆ خۆم و خێزانەکەم دوای هەموو ئەو ناخۆشیانەی پێیدا تێپەڕیم و گەیشتمە ئەم ساتە.

ئەستێرە بەرازیلییەکە ئاماژەی بەوە کرد: هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات لە یاریی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ببم بە کاپتنی یانەکە، ئەوە هەستێکی هێندە تایبەتە پێناسە ناکرێت، یاریی داهاتوو دەبێتە یاریی ژمارە 300 لەگەڵ ریاڵ مەدرید و حەز دەکەم ژمارەکە بگەیەنمە 400 و 500، دەمەوێت زیاتر بمێنمەوە و لەگەڵ یانەکە مێژوو بنووسمەوە.

ڤینیسۆس جۆنیۆر تەمەنی 24 ساڵە و لە 2018 بە 35 ملیۆن یۆرۆ لە فلامینگۆوە پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید کرد، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 200 ملیۆن یۆرۆیە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment