یەکەم لێدوانی ئاکپارتی لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان

جێگری سەرۆکی ئاکپارتی ڕایگەیاند: چاوەڕێی دەرئەنجامەکانی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەبارەی چەک دانان لەلایەن پەکەکەوە دەکەن.
پێنجشەممە 27ـیت شوباتی 2025، ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەڕی زیندانیکراوی پەکەکەوە، گوتی: ئەگەر بێت و پەکەکە پەیامەکەی ئۆجەلان پشتگوی نەخات و چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا لە کۆت و بەندی تورکیا ڕزگاری دەبێت.
باسی لەوەش کرد، ئاکپارتی و ئەردۆغان و بۆ ئەوەی تورکیا لە تیرۆر رزگار بکەن هەر چی لە دەستیان هات کردیان.
هاوکات گوتیشی: چاوەڕیی دەرئەنجامەکانی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانن، هەروەها ئاکپارتی زۆر بە کاریگەرانە بەرەنگاری تیرۆر لە تورکیا بووەتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر پەکەکە پەیامەکەی ئۆجەلان پشتگوێ بخات، ئەوا هەوڵەکانمان دژیان بەردەوام دەبێت و بە شێوەیەکی کاریگەر ڕووبەڕوویان دەبینەوە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، شاندی ئیمڕاڵی پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستبووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.