سعوودییە: خوازیارین بانگەوازەکەی ئۆجەلان ببێتە هۆی ئاسایش و گەشانەوە

وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە
وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە

سعوودییە پێشوازیی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات و دەڵێت: خوازیارین ئەو بانگەوازە ببێتە هۆی ئاسایش و گەشانەوە.

هەینی 28ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە، لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانییکراوی پەکەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

سعوودییە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا، پێشوازیی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانییکراوی پەکەکە، بە مەبەستی چەکدانانی ڕێکخراوەکە و پرۆسەی ئاشتی تورکیا دەکات.

هاوکات سعوودییە خوازیارە، بانگەوازەکەی ئۆجەلان ببێتە هۆی ئاسایش و گەشانەوە.

دوێنێ پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە.

هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment