وەزیری دارایی و ئابووریی ئێران لە پۆستەکەی دوور خرایەوە

پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای مشتومڕێکی زۆر، بە دەنگی 182 پەرلەمانتار متمانەی لە عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری دارایی و ئابووری وەرگرتەوە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێران، تایبەت بوو بە لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی و ئابووری لەسەر دۆخی ئابووری و هەڵاوسان؛ سەرەتای کۆبوونەوەکە پەرلەمانتاران سەرنج و بۆچوونەکانیان خستەڕوو، دواتر مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بەرگریی لە وەزیری کابینەکەی کرد.

دواجار پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە عەبدولناسر هیمەتی و دوورخستنەوەی لە پۆستی وەزیری دارایی و ئابووری خرایە دەنگدان، بە گوێرەی ئەنجامەکان بە 182 دەنگی بەڵێ، 89 دەنگی دژ و یەک دەنگی بێلایەن و دەنگێکی بەتاڵ پرۆسەی وەگرتنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی و ئابووری کۆتایی پێهات.

دوای نزیکەی شەش مانگ لە دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەی، مەسعود پزیشکیان، بەهۆی هەڵاسانی ئابووری و هاڕەکردنی بەهای تومەنی ئێران، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە پەرلەمانتارانی ئێران داوای دوورخستنەوەی هیمەتیان کرد و سیاسەتی دارایی و ئابووری وڵاتەکەیان بە شکستخواردوو ناوبرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment