لە هەرێمی کوردستان ڕۆژێک پشوو ڕاگەیەنرا

ڕۆژی چوارشەممە  لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هەڵگیرسانی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد، پشووی فەرمی دەبێت.

یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025، فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، بە بۆنەی هەڵگیرسانی ڕاپەرینە مەزنەكەی گەلی كوردستان، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان پشووی فەرمی دەبێت. 

فەرمانگەی مێدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆژی پێنجشەممە، 6ی ئاداری 2025 دەوامی فەرمی دەست پێدەكاتەوە.

لە 5ی ئاداری ساڵی 1991ـدا ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر 9ـی سەر لەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموو لایەکەوە ڕژانە سەر کوچە و کۆڵان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھاندا بۆ ڕاپەڕین. پاشان جەماوەر ھەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت و سەرجەمیان لە ڕژێم پاک کرایەوە.

بۆیە ئەم ڕۆژە لە مێژووی کورد بە ڕۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment