کوردستان24 نوێترین زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی شوبات بڵاو دەکاتەوە

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات، ڕێکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و خانەنشیانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەواو بووە، چاوەڕی دەکرێت سبەی یا دوو سبەی بڕیار لەسەر تەموویلی مووچەی مانگی شوبات لە بەغداوە بدرێت.
یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، شیڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا وەک زانیاری دەستیکەوتووە، بۆ یەکەمجار وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مانگی شوباتی مووچەی فەرمانبەران و سەربازی بەیەکەوە ڕەوانەی بەغدا کردووە، تیمێکی تەکنیکی لە وەزارەتەکە لیستەکەیان لەگەڵ خۆیان گەیاندووەتە بەغدا، وەزارەتی دارایی فیدرالیش دەستبەجێ دەستیان بە وردبینی کردووە، هەر تێبینییەک لەسەر لیستەکە هەبێت، لەلایەن تیمەکەوە ڕاستەوخۆ وەڵام دەدرێتەوە.
شیڤان جەباری ڕایدەگەیەنێت: ڕێکارەکانی وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەران و سەربازیی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە تەواو بووە، هاوکات لیستی مووچەی خانەنشینیش بەشێوەی دیجیتاڵی ڕەوانە کراوە، بۆ ئەوەی تەواوی مووچەی فەرمانبەران و هێزی سەربازیی و خانەنشینان بە یەک پاکێچ بنێردرێت کە بڕەکەی زیاتر لە 950 ملیار دینارە بۆ ئەوەی لە بەغداوە بنێردرێت، چاوەڕێ دەکرا ئەمڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ ئیمزای لەسەر بکات بۆ ئەوەی بڕە پارەکە بنێردرێت، چاوەڕی دەکرێت سبەی، یاخوود دوو سبەی، بڕیار لەسەر تەموویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بدرێت.