ئوردن: ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ غەززە دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئیسرائیل دەکات لەبارەی ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ غەززە و هۆشداری دەدات ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچەکە.
یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025، سوفیان قودە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، بڕیارەکەی حکوومەتی ئیسرائیل لەبارەی ڕێگریگرتن لە بارهەڵگری هاوکارییەکان بۆ غەززە هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ.
هەروەها گوتیشی: دەبێت ئیسرائیل واز لە برسیکردنی خەڵکی فەڵەستین بێنێت بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا.
ئاماژەشی دا، نابێت ئیسرائیل برسیکردنی خەڵکی غەززە وەکو چەکێک لە دژیی هاووڵاتییانی فەڵەستین بە کاربێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕەتی کردووەتەوە وادەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوە ڕێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێکی هاوکارییەکی مرۆیی بچێتە غەززە.