ڕاپەڕین.. 2500 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران ئامادە کراوە

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین بەوەکالەت، ڕایگەیاند، ئێستا 10 هەزار فەرمانبەر فۆرمەکانیان گەڕاوەتەوە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکەمان و هەفتەی داهاتوو دەینێرینە وەزارەتی شارەوانی.

ڕێباز پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین بەوەکالەت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، ئێمەش کاری جددیمان لەسەر کردووە، بۆیە ئێستا 10 هەزار فەرمانبەر فۆڕمەکانیان گەڕاوەتەوە بەرێوەبەرایەتیی شارەوانییەکەمان.

گوتیشی: دوێنێ یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025، وردبینیمان بۆ فۆرمی ئەو 10 هەزار فەرمانبەرە کردووە، کە بەشێکیان کیشەیان تێدا بووە، بەشێکیشیان بە هەڵە هاتووەنەتەوە سنووری بەرێوەبەرایەتییەکەمان. ئێمە هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە، هەفتەی داهاتوو دەینێرینە شارەوانییەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە شارەوانییەکان بەپێی خاڵبەندی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەرانە ئامادە دەکرێت و زەوییان پێ دەدرێت، گوتیشی: لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین 24 فەرمانبەر فۆرمی زەویان پڕکردبوویەوە، کە زیاتر لە 9 هەزاریان لەشارەوانیی ڕانیەیە کە سەربەخۆییە و سەر بەوەزارەتە و ئەوەی دیکەش لای ئێمەیە.

ڕێباز پیرۆت ڕاشیگەیاند، ئێمە ئەو 10 هەزار ناوە دەنێرینە شارەوانی بەمەبەستی پێدانی زەوی، دەشڵێت، ئێستا 2500 پارچە زەویمان لە سنووری شارەوانی حاجیاوا، هەڵشۆ و چوارقورنە ئامادەیە، لەشارەوانییەکانی دیکەش ئەو زەویانەی هی جووتیارەکانە، بەرەو پێشچوون لە گفتوگۆکانمان هەیە کە زەویەکانمان پێ بدەن.

ڕاشیگەیاند "هەرچەندە زەویمان لەچوارقوڕنە ئامادە کردووە بەڵام کێشەمان لەهەمان شێوە هەیە، چونکە پێویستە 1500 پارچە زەویی دیکە لە چوارقوڕنە ئامادە بکەین، بەڵام زەوییەکانی حاجیاوا، نەخشەشی بۆ کێشراوە، تەنیا ماوە ژمارەیان لە تاپۆ بۆ دەربچێت."

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین بەوەکالەت، جەختی کردەوە، دابەشکردنی زەوییەکان بەگوێرەی کارتی زانیاری دەبێت، واتە کارتی زانیاریت هی کوێ بێت لەو شوێنە زەوی وەردەگریت.

 

 

  

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment