حکوومەتی نوێی سووریا ئامادەیی خۆی بۆ لەناوبردنی چەکە کیمیاییەکانی ڕژێمی ئەسەد دەربڕی

وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند: ئەو پێشێلکارییانەی لە ڕابردوودا لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە کراون، وەک میراتێکی بەئازار بۆیان ماوەتەوە، بۆیە ئامادەن گشت ئەو چەکە کیمیاییانەی لە ڕژێمی پێشوو بەجێ ماون لەناویان ببەن.
چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە لاهای، ئامادەیی خۆی بۆ چارەکردنی پرسی چەکی کیمیایی دەربڕی.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش دا، شەیبانی دووپاتی کردووەتەوە، ئەو پێشێلکارییانەی لە ڕابردوودا کراون، لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە بووە و وەک میراتێکی بەئازار بۆیان ماوەتەوە، ئامادەن هەموو ئەو چەکە کیمیاییانەی لە ڕژێمی پێشوو بەجێ ماون لەناویان ببەن و سووریاش ببێتە وڵاتێکی پابەند بە بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان.