سبەینێ لێخۆشبوونی ئەمەریکا بۆ عێراق دەربارەی هاوردەکردنی غازی ئێران کۆتایی دێت

ماڵپەڕی "ڕیل کلێر ئەنگری"ـی ئەمەریکایی کە تایبەتە بە کاروباری وزە، ڕایگەیاند، ڕۆژی 7ـی ئادار دەبێتە تاقیکردنەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بەوەی ئایا پاڵ بە عێراقەوە دەنێت بۆ ئەوەی خۆی لە دەستی ئێران ڕزگار بکات یاخود نا، چونکە لێخۆشبوونی ئەمەریکا کە ڕێگە بە بەغدا دەدات غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکات، کۆتایی دێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوایین لێخۆشبوون کە جۆو بایدن بۆ عێراقی درێژ کردەوە، ماوەی 120 ڕۆژ بوو، کە ڕێگەی بە هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێرانی دەدات، هەروەها سبەینێ 7ـی ئاداری 2025 ئەو مۆڵەتە کۆتایی دێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئیدارەی ترەمپ لە یاداشتنامەی دووەمی سەرۆکایەتیدا کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە، سیاسەتی زۆرترین فشاری دژ بە ئێران کارا کردەوە و گوتی "جارێکی دیکە ئیمزا لەسەر لێخۆشبوونی نوێ ناکات."
ماڵپەڕەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، واشنتن دەبێت کۆتایی بەو لێخۆشبوونە بهێنێت، چونکە ئێستا عێراق لە گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە نزیکتر بووەتەوە، لە کاتێکدا ئێران چەندین جار بەهۆی کەمیی وزەی ناوخۆییەوە هەناردەی وزەی بۆ عێراق ڕاگرتووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە هاوینی 2025دا یارمەتی عێراق بدات پشت بە خۆی ببەستێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، عێراق زیاتر لە 10 ساڵە لێخۆشبوونی ئەمەریکای بەپێی یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی 'بودجەی بەرگری ئەمەریکا' لە ساڵی 2011دا بەدەست هێناوە، کە بەگوێرەی یاساکە ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندییان لەگەڵ ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا هەیە دەتوانن بڕێک لە نەوتی ئیران بکڕن بۆ پێداویستی ناوخۆ، کە ئەو لێخۆشبوونە تاوەکو ئێستا بۆ عێراق ڕێگەپێدراو بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە عێراق ترسی هەیە، لەوەرزی هاویندا قەیرانی کارەبا خراپتر ببێت، چونکە نازانرێت ئەمەریکا، ئەو لێخۆشبوونەی داوەتە عێراق لە کڕینی وزەی ئێران، درێژ دەکاتەوە یان هەڵدەوەشێنێتەوە.
شارەزایان پێشبینی دەکەن، دوای بڕیارەکەی ترەمپ کە لە 4ـی شوبات داویەتی، عێراق، ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر بێتەوە، ئەگەر غازی ئێرانی ڕابگرێت کە نزیکەی 40%ـی بەرهەمی کارەبای عێراق لەسەر ئەو غازەیە، واتە نزیکەی 20 هەزار مێگاوات کارەبا عێراق نامێنیت.