کارەبای سلێمانی: پرۆژەی ڕووناکی بەردەوام دەبێت
لە یادی ڕاپەڕینی سلێمانی پرۆژەی ڕووناکی شارەکە خرایەکار

لە 34ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، لە دوو وێستگەی ناوەندی دابەشکردنی کارەبا پرۆژەی ڕووناکی خرایە بواری جێبەجێکردن و لەم قۆناغەدا نزیکەی نۆ هەزار هاوبەشی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان سوودمەند دەبن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی بڵاویکردووەتەوە، لە شەوی ڕابردووە کە دەکاتە 7/6ی ئاداری 2025، لە هەردوو وێستگەی ناوەندی شار و مەڵکەندی یەکەمی قۆناغی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای24 کاتژمێری چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، لەم قۆناغەدا لە هەر یەک لە گەڕەکەکانی سەرکارێز، توی مەلیک، سابونکەران، مەڵکەندی، ئیبراهیم پاشا، دارۆغا، حاجی حان، شەقامی ئۆرزدی، ئەسحابەسی و شەقامی کاوە، نزیکەی نۆ هەزار هاوبەشی ماڵان و بازرگانی لەسەر هەشت فیدەر، کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی هاتووە، پرۆژەی ڕووناکی لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغەکانی دیکەی لە گەڕەکەکانی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێرییە، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناونراوە، لە چوارچیوەی ئەم پرۆەیەدا 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و کۆی گشتیی سوودمەند بووانیش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پرۆژەکە نزیکەی 100 هەزار هاوبەشە و بڕیارە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بن.


