لە ورمێ قاچاخچێتی جگەرە 624% زیادی کردووە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و پیشەسازی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کردووە، قاچاخچێتی جگەرە لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکە بە ڕێژەی %624 زیادی کردووە.
ئیرەج مەرەندی بە ئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاندووە، لە 12 مانگی ڕابردوودا 847 هەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی جگەی قاچاخ جێبەجێ کردووە و توانراوە دەست بەسەر 36 ملیۆن 283 هەزار جگەرە، کە دەکاتە یەک ملیۆن و 814 هەزار و 150 پاکەتە جگەرە دابگرن.
هەروەها ئاماژەی داوە، بەشێوەیەکی گشتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و کاڵای بە قاچاخ هێنراو، 3200 هەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان جێبەجێ کردووە و 580 شوێنیان بەهۆی سەرپێچی یاسا سزا داوە.
لەو هەڵمەتانەی جێبەجێ کراون، جگەرە، دەرمان، کەلوپەلی جوانکاری، کەلوپەلی نێو ماڵ و چەند جۆرێکی خۆراک دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڵام جگەرە زۆرترین کاڵای قاچاخە لە پارێزگای ورمێ دەستی بەسەردا گیراوە.
بە گوتەی مەرەندی، پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی هەزار کیلۆمەتر سنووری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان و کۆماری سەربەخۆی نەخچەڤان هەیە، کابیەنی چواردەهەمی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەوڵدەدات، بە تۆکمەکردنی سنوورەکان، جولەی بارزگانیش ڕێک بخاتەوە.